Kurdi Sorani Standard

دانیال 7:1-28

چوار گیانلەبەری گەورە لە خەوندا

1لە ساڵی یەکەمی بێلشەسری پاشای بابل، کاتێک دانیال لەسەر جێگاکەی ڕاکشابوو خەونێکی بینی و چەند بینینێک بە مێشکیدا هات، ئینجا پوختەی خەونەکەی نووسییەوە.

2دانیال گوتی: «لە بینینەکەمدا لە شەو تەماشام دەکرد چوار باکەی ئاسمان دەریای گەورەیان هەژاند. 3لە دەریاکەوە چوار گیانلەبەری گەورە هاتنە دەرەوە، هەریەکەیان لەوەی دیکە جیاواز بوو.

4«یەکەمیان وەک شێر بوو و دوو باڵی هەڵۆ ئاسای هەبوو. تەماشام کرد هەتا باڵەکانی لێکرایەوە و لەسەر زەوی هەڵستێنرا، وەک مرۆڤ لەسەر دوو پێ ڕاوەستابوو، دڵی مرۆڤی پێدرا.

5«هەر لەو کاتەدا گیانلەبەری دووەم لە شێوەی ورچ لەسەر یەک لا بەرزبووەوە، سێ پەراسوو لەنێو ددانەکانی بوو، پێی گوترا: ”هەستە و گۆشتی زۆر بخۆ!“

6«پاش ئەمە تەماشام کرد یەکێکی دیکە وەک پڵنگ وابوو، لەسەر پشتی چوار باڵی باڵندەی هەبوو. گیانلەبەرەکە چوار سەری هەبوو، دەسەڵاتی حوکمدانی پێدرابوو.

7«پاش ئەمە لە بینینی شەودا تەماشام کرد گیانلەبەری چوارەم ترسناک و تۆقێنەر و زۆر بەهێز بوو. ددانی ئاسنین و گەورەی هەبوو، نێچیرەکانی خوارد و تێکی شکاندن و پاشماوەکەی بە پێیەکانی پانکردەوە. ئەو لە هەموو گیانلەبەرەکانی پێش خۆی جیاوازتر بوو، دە شاخی7‏:7 شاخ: لە زمان و کەلتوری عیبریدا شاخ هێمای توانایە، لێرە و لە 24‏:8. بڕوانە دانیال 7‏:7‏-8 و ئاشکراکردن 5‏:6 و 12‏:3.‏ هەبوو.

8«لە شاخەکان ڕامابووم، شاخێکی دیکەی بچووک لەنێوانیانەوە دەرهات و سێ شاخەکەی پێش خۆی هەڵتەکاند. ئەم شاخە چاوی وەک چاوی مرۆڤی تێدابوو، لەگەڵ دەمێک کە بە فیزەوە قسەی دەکرد.

9«کاتێک تەماشام دەکرد

«تەختەکان دانران و

خودای جاویدانی7‏:9 عیبری: دێرینی ڕۆژان. مەبەستی لە خودای ئەزەلییە، ناوێکی تایبەتە بۆ خودا کە لە ئەزەلەوە هەیە.‏ دانیشت،

جلەکانی وەک بەفر سپی بوون و

مووی سەریشی وەک خوری بێگەرد وابوو.

تەختەکەشی بڵێسەی ئاگری بوو،

چەرخەکانیشی ئاگری داگیرساو بوو.

10ڕووبارێکی ئاگرین تێدەپەڕی،

لەبەردەمیەوە دەڕۆیشت.

بە هەزاران هەزار خزمەتیان دەکرد و

بە دەیان هەزار دەیان هەزار لەبەردەمیدا ڕاوەستابوون.

ئینجا دادگا دانیشت و

کتێبەکان کرانەوە.

11«لەو کاتەدا بەردەوام بووم لە سەرنجدان لەبەر قسە بە فیزەکان کە شاخەکە دەیکرد. تەماشام دەکرد هەتا گیانلەبەرەکە کوژرا و کەلاکەکەی لەناوچوو، فڕێدرایە ناو ئاگرە داگیرساوەکە. 12گیانلەبەرەکانی دیکەش دەسەڵاتیان لێسەنرایەوە، بەڵام بۆ ماوەیەک تەمەن درێژییان پێدرا.

13«لە بینینەکەی شەودا تەماشام کرد، بەسەر هەوری ئاسمانەوە یەکێکی وەک کوڕی مرۆڤ بوو هات، گەیشتە لای خودای جاویدانی و بردیانە بەردەمی. 14ئینجا دەسەڵات و شکۆ و پاشایەتی پێدرا، بۆ ئەوەی هەموو گەلان و نەتەوەکان و خەڵکی هەموو زمانەکان بیپەرستن. دەسەڵاتەکەی دەسەڵاتێکی هەتاهەتاییە کە بەسەرناچێت، پاشایەتییەکەی لەناو ناچێت.

لێکدانەوەی خەونەکە

15«بەڵام من، کە دانیالم ڕۆحم لە ناخمدا واقی وڕما بوو و ئەو بینینانەی بە مێشکمدا هات منیان ترساند. 16جا لە یەکێک لە ڕاوەستاوەکان نزیک بوومەوە و لە هەموو ئەمەدا داوای لێکدانەوەم لێکرد.

«ئەویش لێکدانەوەی خەونەکەی پێ گوتم: 17”ئەو چوار گیانلەبەرە گەورەیە چوار پاشان کە لەسەر زەوی پەیدا دەبن. 18بەڵام گەلی پیرۆزی خودای هەرەبەرز پاشایەتییەکە بەدەستدەهێنن و بۆ هەتاهەتایە خاوەنداریێتی دەکەن. بەڵێ، بۆ هەتاهەتایە.“

19«ئینجا ویستم لێکدانەوەی گیانلەبەرەکەی چوارەم بزانم کە لەگەڵ هەموویان جیاواز بوو، زۆر ترسناک بوو، ددانەکانی لە ئاسن بوون و چنگەکانی لە بڕۆنز، نێچیرەکانی خوارد و تێکیشکاندن و پاشماوەکەی بە پێیەکانی پانکردەوە. 20هەروەها ویستم لەبارەی ئەو دە شاخەی سەری و ئەو شاخەی تریش بزانم کە لە کاتی دەرکەوتنی سێ لە شاخەکانی دیکە لەبەردەمی کەوتنە خوارەوە، ئەو شاخە چاوی هەبوو، دەمێکیش کە بە فیزەوە قسەی دەکرد و دیمەنەکەی لە شاخەکانی دیکە زەبەلاحتر بوو. 21تەماشام دەکرد و ئەو شاخە لە دژی گەلە پیرۆزەکە دەجەنگا و ئەوانی بەزاند، 22هەتا خودای جاویدانی هات و حوکمی دەرکرد لە بەرژەوەندی گەلە پیرۆزەکەی خودای هەرەبەرز، کاتی هات بۆ ئەوەی خاوەنداریێتی پاشایەتییەکە بکەن.

23«ئەویش بەم جۆرەی گوت: ”گیانلەبەری چوارەم پاشایەتییەکی چوارەم دەبێت لەسەر زەوی، جیاواز لە سەرجەم پاشایەتییەکان، ئینجا هەموو زەوی دەخوات و پێی لێ دەنێت و تێکی دەشکێنێت. 24دە شاخەکەش دە پاشان کە لەم پاشایەتییەدا هەڵدەستن. یەکێکی دیکە لەدوای ئەوان هەڵدەستێت لەوانی پێش خۆی جیاواز دەبێت و سێ پاشا زەلیل دەکات. 25لە دژی خودای هەرەبەرز قسە دەکات و پیرۆزەکانی سەرکوت دەکات و هەوڵ دەدات کاتی جەژنەکان و فەرزەکانی تەورات بگۆڕێت. گەلە پیرۆزەکە بۆ سێ ساڵ و نیو7‏:25 عیبری: کاتێک و دوو کاتێک و نیو کات.‏ دەدرێنە دەستی ئەو.

26«”جا دادگا دادەنیشێت و دەسەڵاتەکەی لێ دادەماڵن بۆ ئەوەی بە تەواوی کۆتایی پێ بێت و لەناوبچێت. 27پاشایەتییەکە و دەسەڵات و گەورەیی پاشایەتییەکە لەژێر هەموو ئاسماندا دەدرێتە گەلە پیرۆزەکە، گەلی خودای هەرەبەرز. پاشایەتییەکەی پاشایەتی هەتاهەتاییە و هەموو دەسەڵاتداران دەیپەرستن و گوێڕایەڵی دەبن.“

28«هەتا ئێرە کۆتایی بابەتەکەیە. من دانیالم، بیرکردنەوەکانم زۆر منیان ترساند و ڕەنگم گۆڕا، بەڵام بابەتەکەم لە دڵی خۆمدا هەڵگرت.»

Habrit Hakhadasha/Haderekh

Este capítulo no está disponible momentáneamente. Por favor intente nuevamente luego.