Kurdi Sorani Standard

دانیال 2:1-49

خەونی نەبوخودنەسر

1نەبوخودنەسر پاشا لە ساڵی دووەمی پاشایەتییەکەی چەند خەونێکی بینی کە بووە هۆی بێزاربوونی و خەوی لێ زڕا. 2جا پاشا فەرمانی دا جادووگەر و ئەفسونگەر و بەخت خوێنەوەرەوە و ئەستێرەناسەکان بانگ بکەن، بۆ ئەوەی پێی بڵێن کە چ خەونێکی بینیوە. کاتێک هاتن و لەبەردەم پاشادا وەستان، 3پاشا پێی گوتن: «خەونێکم بینیوە هەراسانی کردووم و دەمەوێ بزانم لێکدانەوەکەی چییە.»

4ئەستێرەناسەکان بە زمانی ئارامی بە پاشایان گوت: «ئەی پاشا، هەتاهەتایە بژیت! خەونەکە بە بەندەکانت بڵێ هەتا بۆت لێکبدەینەوە.»

5پاشا وەڵامی ئەستێرەناسەکانی دایەوە: «ئەوە بڕیاری کۆتایی منە: ئەگەر خەونەکە و لێکدانەوەکەیم پێ نەڵێن، پارچەپارچە دەکرێن و ماڵەکانتان دەبێتە کەلاوە. 6بەڵام ئەگەر خەونەکەتان پێ گوتم و لێکتاندایەوە، لە منەوە دیاری و پاداشت و ڕێزێکی گەورەتان دەست دەکەوێت. کەواتە خەونەکەم پێ بڵێن و بۆم لێکبدەنەوە.»

7دووبارە وەڵامیان دایەوە: «با پاشا خەونەکە بە بەندەکانی بڵێت هەتا بۆت لێکبدەینەوە.»

8ئینجا پاشا وەڵامی دایەوە: «من لەوە دڵنیام ئێوە دەتانەوێت کات بەدەستبهێنن، چونکە دەزانن ئەوە بڕیاری کۆتایی منە: 9ئەگەر خەونەکەم پێ نەڵێن، یەک سزاتان هەیە. ئێوە لەسەر درۆ و قسەی پووچ ڕێککەوتوون هەتا لەبەردەمم بیڵێن، هەتا بارودۆخەکە دەگۆڕێت. لەبەر ئەوە خەونەکەم پێ بڵێن، ئینجا من ئەوە دەزانم کە ئێوە دەتوانن خەونەکەم بۆ لێکبدەنەوە.»

10ئەستێرەناسەکانیش وەڵامی پاشایان دایەوە: «هیچ کەسێک لەسەر زەوی نییە ئەم داوایەی پاشا جێبەجێ بکات! هەرگیز هیچ پاشایەکی گەورەی خاوەن دەسەڵات شتێکی وای لە جادووگەر و ئەفسونگەر و ئەستێرەناس داوا نەکردووە. 11ئەوەی کە پاشا داوای دەکات زۆر قورسە. هیچ کەس ناتوانێت بۆ پاشا ئاشکرای بکات، جگە لە خوداوەندەکان، ئەوانیش نشینگەیان لەگەڵ مرۆڤدا نییە.»

12ئەوە پاشای زۆر تووڕە کرد و ڕقی هەستا، فەرمانی دا هەموو داناکانی بابل لەناوببردرێن. 13ئینجا فەرمان دەرچوو بۆ کوشتنی داناکان، بەدوای دانیال و هاوڕێکانیشیدا هاتن بۆ ئەوەی بیانکوژن.

14کاتێک ئەریۆکی سەرۆکی پاسەوانانی پاشا چوو بۆ ئەوەی داناکانی بابل بکوژێت، دانیال بە دانایی و ڕێزەوە قسەی لەگەڵ کرد، 15لە فەرماندەی پاسەوانانی پرسی: «بۆچی فەرمانەکەی پاشا ئەوەندە توندە؟» ئەریۆکیش بابەتەکەی بۆ دانیال ڕوونکردەوە. 16لێرەدا دانیال چووە ژوورەوە و داوای لە پاشا کرد کاتی پێبدات، بۆ ئەوەی لێکدانەوەی خەونەکە بۆ پاشا دەربخات.

17ئینجا دانیال گەڕایەوە ماڵەکەی خۆی و بابەتەکەی لە هاوڕێیەکانی گەیاند، لە حەنەنیا و میشائیل و عەزەریا، 18بۆ ئەوەی لەبارەی ئەم نهێنییە داوای بەزەیی لە خودای ئاسمان بکەن، هەتا خۆی و هاوڕێیەکانی لەگەڵ سەرجەم داناکانی بابل لەناونەچن. 19لە شەودا، بە بینینێک نهێنییەکە بۆ دانیال ئاشکرا کرا، دانیالیش ستایشی خودای ئاسمانی کرد، 20گوتی:

«ستایش بۆ ناوی خودا لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە،

چونکە دانایی و توانا هی ئەوە.

21ئەو کات و ساتەکان دەگۆڕێت،

پاشایان لادەدات و پاشایان دادەنێت،

دانایی بە داناکان دەبەخشێت و

زانایان فێری تێگەیشتن دەکات.

22ئەو قووڵایی و نهێنییەکان ئاشکرا دەکات،

ئەو دەزانێت چی لە تاریکیدا شاردراوەتەوە،

ڕووناکی لەلای ئەو نیشتەجێیە.

23ئەی خودای باوباپیرانم، سوپاس و ستایشی تۆ دەکەم:

تۆ دانایی و هێزت پێدام،

تۆ وات کرد ئەوەی داوامان لێ کردی لەلای منەوە زانراو بێت،

تۆ وات کرد ئێمە خەونەکەی پاشا بزانین.»

دانیال خەونەکەی لێکدەداتەوە

24دوای ئەوە دانیال چوو بۆ لای ئەریۆک، ئەوەی پاشا دەستنیشانی کرد بۆ لەناوبردنی داناکانی بابل، پێ گوت: «داناکانی بابل لەناومەبە. بمبە لای پاشا، من خەونەکەی بۆ لێکدەدەمەوە.»

25ئینجا ئەریۆک بە پەلە دانیالی بردە لای پاشا و گوتی: «پیاوێکم لە نەوە ڕاپێچکراوەکانی یەهودا دۆزیوەتەوە کە دەتوانێت واتای خەونەکە بە پاشا بڵێت.»

26پاشا لە دانیالی پرسی، کە ناوی بێلتەشەسر بوو: «ئایا دەتوانی ئەو خەونەم پێ بڵێی کە بینیومە و هەروەها لێکی بدەیتەوە؟»

27دانیال وەڵامی دایەوە: «ئەو نهێنییەی پاشا داوای کردووە نە دانا و نە ئەفسونگەر و نە جادووگەر و نە فاڵگرەوە ناتوانن بۆ پاشا لێکی بدەنەوە. 28بەڵام خودایەک لە ئاسمان هەیە نهێنییەکان ئاشکرا دەکات، ئەو بە نەبوخودنەسری پاشای ڕاگەیاند لە ڕۆژانی داهاتوودا چی دەبێت. کاتێک تۆ لەسەر جێگاکەت بووی، ئەمە بوو ئەو خەون و بینینەی هاتە ناو مێشکت:

29«ئەی پاشا، کاتێک تۆ لەسەر جێگاکەت ڕاکشابووی، بیرت بە لای داهاتوودا چوو، ئاشکراکەری نهێنییەکان بۆی دەرخستی چی ڕوودەدات. 30سەبارەت بە ئاشکراکردنی ئەم نهێنییە بۆ من، لەبەر ئەوە نەبوو کە من داناییەکی زیاترم هەبێت لە پیاوەکانی دیکە، بەڵکو ئەمە لەبەر تۆ بوو، ئەی پاشا، تاکو لێکدانەوەکەی بزانیت و هەروەها لە بیرکردنەوەکانت تێبگەیت.

31«ئەی پاشا، تۆ تەماشات کرد و پەیکەرێکی گەورەت لەبەردەمت بینی، پەیکەرێکی زۆر گەورە و درەوشاوە، دیمەنی سەرسوڕهێنەر بوو. 32سەری پەیکەرەکە لە زێڕی بێگەرد بوو، سنگ و قۆڵەکانی لە زیو بوو، سک و ڕانەکانی لە بڕۆنز بوو، 33قاچەکانی لە ئاسن بوون و پێیەکانی بەشێکی لە ئاسن و بەشێکیشی لە قوڕی سوورکراوە بوو. 34کاتێک تەماشات دەکرد، بەردێک بڕایەوە بەبێ ئەوەی دەستی مرۆڤی بەرکەوێت، لە پێیەکانی پەیکەرەکەی دا کە لە ئاسن و قوڕی سوورکراوە بوون و وردوخاشی کردن. 35ئینجا ئاسن و قوڕە سوورکراوەکە و بڕۆنز و زیو و زێڕەکە پێکەوە وردوخاش بوون و وەک پووشی سەر جۆخینیان2‏:35 جۆخین یان سەرخەرمان ئەو زەوییە تەرخانکراوەیە کە لەلایەن وەرزێر و جوتیارەوە بەکارهێنراوە بۆ کوتانی دانەوێڵە لەسەری لەدوای کۆکردنەوەی لە کێڵگە.‏ لێهات لە هاویندا، با هەڵیگرت بەبێ ئەوەی شوێنەواری بمێنێت. بەڵام ئەو بەردەی لە پەیکەرەکەی دا، بوو بە کێوێکی گەورە و هەموو زەوی گرتەوە2‏:35 عیبری: هەموو زەوی پڕکردەوە.‏.

36«ئەمە خەونەکە بوو، ئێستاش با بۆ پاشا لێکی بدەینەوە. 37تۆ، ئەی پاشا، پاشای پاشایانی. خودای ئاسمان پاشایەتی و دەسەڵات و توانا و ڕێزی پێ بەخشیویت. 38مرۆڤ و گیانلەبەری دەشتودەر و باڵندەی ئاسمان لەژێر دەستی تۆن، لە هەرکوێیەک بن، تۆی بەسەر هەموویاندا زاڵ کردووە. تۆ ئەم سەرەی کە لە زێڕە.

39«پاش تۆ، پاشایەتییەکی دیکە هەڵدەستێتەوە، پایەی لە تۆ نزمترە، دوای ئەوە سێیەم پاشایەتی لە بڕۆنزە، بەسەر هەموو زەویدا زاڵ دەبێت. 40پاشان پاشایەتی چوارەم دێت، وەک ئاسن ڕەقە، چونکە ئاسن دەکوتێت و هەموو شتێک وردوخاش دەکات، وەک ئەو ئاسنەی تێکدەشکێنێت، ئەمیش هەموو ئەوانی دیکە وردوخاش دەکات و تێکیان دەشکێنێت. 41هەروەک بینیت پێیەکان و پەنجەکان بەشێکیان لە قوڕی سوورکراوە و بەشێکیان لە ئاسن بوون، پاشایەتییەکە بەم شێوەیە دابەشکراو دەبێت، بەڵام هەندێک هێزی ئاسنی تێدا دەبێت، هەروەک بینیت ئاسنەکە تێکەڵ بە قوڕی سوورکراوە بوو. 42هەروەک پەنجەی پێیەکان بەشێکیان لە ئاسن و بەشێکیان لە قوڕی سوورکراوە بوو، جا بەشێک لە پاشایەتییەکە بەهێز و بەشێکیش ناسک دەبێت. 43هەروەک بینیت ئاسنەکە تێکەڵ بە قوڕە سوورکراوەکە بوو، ئینجا ئەوان تێکەڵ بە وەچەی خەڵکی دەبن، بەڵام ئەمە بە ئەوەوە نانووسێت، هەروەک ئاسن تێکەڵ بە قوڕ نابێت.

44«لە سەردەمی ئەم پاشایانەدا خودای ئاسمان پاشایەتییەک دادەمەزرێنێت کە هەرگیز لەناوناچێت، بۆ گەلی دیکە بەجێناهێڵدرێت، هەموو ئەو پاشایەتییانە وردوخاش دەکات و کۆتاییان پێدەهێنێت، ئەو هەتاهەتایە بە چەسپاوی دەمێنێتەوە. 45ئەمە واتای بینینەیە کە بەردێک لە چیاوە بڕا، بەڵام بە دەستی مرۆڤ نا، ئاسن و بڕۆنز و قوڕی سوورکراوە و زێڕ و زیوەکەی وردوخاش کرد.

«خودای گەورە ئەوەی بە پاشا نیشاندا کە لە داهاتوودا ڕوودەدات. خەونەکە ڕاستە و لێکدانەوەکەشی جێی متمانەیە.»

46ئینجا نەبوخودنەسر بەسەر ڕوویدا کەوت و کڕنۆشی بۆ دانیال برد، فەرمانی دا دیاری و بخووری پێشکەش بکەن. 47پاشا بە دانیالی گوت: «بەڕاستی خودای ئێوە خودای خودایانە و گەورەی پاشایانە و ئاشکراکەری نهێنییەکانە، چونکە تۆ توانیت ئەم نهێنییە ئاشکرا بکەیت.»

48ئینجا پاشا دانیالی لە پلەیەکی بەرز دانا و دیاری زۆری پێ بەخشی. دەسەڵاتی پێدا بەسەر هەموو هەرێمی بابل و کردییە سەرۆکی هەموو داناکان. 49سەرباری ئەمەش، لەسەر داوای دانیال پاشا شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆی دەستنیشان کرد بۆ بەڕێوەبردنی هەرێمی بابل، بەڵام دانیال خۆی لە دیوانی پاشا مایەوە.

Habrit Hakhadasha/Haderekh

Este capítulo no está disponible momentáneamente. Por favor intente nuevamente luego.